ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی دەکەوێتە ۲۱ی شوبات بەرانبەر بە دووی ڕەشەممەی هەموو ساڵێک. ئامانج لەم ڕۆژە بەرز کردنەوەی ئاستی هۆشیارییە بەرانبەر فرە زمانی و فرە فەرهەنگی لە جیهاندا.
ئەم ڕۆژە یەکەمجار لە ۱۷ی نۆڤەمبەری ساڵی ۱۹۹۹ لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە ڕاگەیەندرا، کە بە مەبەستی خزمەت بە جیاوازییە زمانییەکان بوو و هەروەها بۆ پاراستن و زیندوو ڕاگرتنی ئەو زمانانەی کە لە ژێر مەترسی لە ناوچوون بوون.
ساڵی ۲۰۰۸یش ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو ڕۆژە پیشان دا و هەر ئەو ساڵەشی کرد بە ساڵی نێونەتەوەیی زمانەکان.
ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی لە ڕۆژی بزاڤی زمانی ساڵی ۱۹۵۲ی بەنگلادیشەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەو ساڵەدا ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا کە دژی سیاسەتی زمانیی دەوڵەتی پاکستان ناڕەزاییان دەردەبڕی، بە دەستی هێزەکانی پۆلیس و سوپای پاکستان کوژران.
هەموو ساڵێک ڕێ و ڕەسمی تایبەت بەم ڕۆژە لە زۆربەی وڵاتاندا بەڕێوە دەچێت و ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی بەرز ڕادەگیردرێت.
هەر بەم شێوەش لە وڵاتی ئێمە و لە پارێزگای کوردستانیش زۆرجار ئەم کارە دەکرێت.
زانکۆی کوردستان گەرچی نەک هەموو ساڵێ بەڵام زۆرجار بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە بەرنامەی تایبەتیان بەڕێوە بردووە کە ئەمساڵیش گەرچی پاش چەند ڕۆژ، بەڵام ڕیوڕەسمێک بە بۆنەی ئەم ڕۆژە لە لایەن بنکە کوردییەکانی زانکۆی کوردستان و هەروەها بەشی زمان و ئەدەبی کوردی ئەم زانکۆیە بە بەشداری بەربڵاوی خوێندکاران بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای ئەم ڕێ و ڕەسمە، پاش خوێندنەوەی بڵاڤۆکی ڕێوڕەسمەکە، چەند کەس خوێندکارانی زانکۆی کوردستان بە جل و بەرگی تایبەتی ناوچەی خۆیانەوە، بە زاراوە جۆربەجۆرەکان ئەم ڕۆژەیان پیرۆزبایی کرد.
زانکۆی کوردستان لە بواری زمان و ئەدەبی کوردی چالاکی زۆری نواندووە
پاشان دوکتۆر ڕەحمەت سادقی، سەرۆکی زانکۆی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە خوێندکاران، ئاماژەی کردە سەر هۆکارەکانی لە ناو چوونی زمان و وتیشی: بە پێ ئامارەکان ۴۰ لەسەدی زمانەکانی جیهان لە حاڵی لەناوچوون دان و هەر بەم بۆنەشەوە لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، پەیماننامەی زۆریان بۆ زمانی دایکی هەیە کە وڵاتی ئێمەش ئەندامی چەندین دانە لەوانەیە.
ئەو هەروەها ئاماژەی کرد بە کارەکانی زانکۆی کوردستان لە بواری زمان و ئەدەبی کوردی و وتیشی: زانکۆی کوردستان بە هۆی هەبوونی توێژینگەی کوردستانناسی و هەروەها بنکە کوردییەکان، لە بواری زمان و ئەدەبی کوردی چالاکی زۆری نواندووە کە هیوادارین لە داهاتووش بەردەوام بێت.
سادقی هەروەها وتیشی هیوادارین لە درێژەی چالاکییەکانی ئەم زانکۆیە لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی، لە داهاتووی نزیک بتوانین بۆ ئاستی کارناسی باڵای بەشی کوردی خوێندکار وەرگرین.
پاشان پەنێلی تایبەت بە زمان و ئەدەبی کوردی بە سەرۆکایەتی دوکتۆر زانیار نەقشبەندی و هەروەها بەشدار بوونی دوکتۆر خالد تەوەکولی، دوکتۆر سەعید خزری و ڕەزا شەجیعی بەڕێوە چوو.
سەرەتا خالد تەوەکولی، خاوەنی دوکتۆرای کۆمەڵناسی و چالاکی مەدەنی، وتی: کاتێک باسی زمان دەکەین لە گەڵ دیاردەیێکی کۆمەڵایەتیدا ڕووبەڕین کە مێژووی تایبەت بە خۆی هەیە و بە گشتی زمان دەتوانێ کاریگەری ببێت یان کاریگەری بگرێت لە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەو لە سەر پەیوەندی فەرهەنگ و گەشەکردن باسی کرد و وتی: سێ جۆر پێوەندیمان هەیە لە نێوان فەرهەنگ و گەشەسەندن.
لە جۆری یەکەم پێوەندیێک هەیە کە ئەڵێت فەرهەنگ ئەبێ تابعی گەشە بێت.
تەوەکولی بەم شێوە درێژەی بە باسەکانی دا و وتی: باسی سەرەکی مۆدێڕنیزاسیۆن ئەوەیە کە ئەگەر بمانەوێت گەشە بکەین ئەبێ فەرهەنگی وڵاتانی گەشە کردوو بگرین و ئەو فەرهەنگانەی تر ئەتوانن لەمپەر بن بۆ گەشە سەندن، ئەمە نە بۆ زمانی دایکی و نە فەرهەنگی ناوخۆیی بایەخ دانانێت و تێدەکۆشێ ئەو فەرهەنگانە لە ناو ببات و جۆرێک یەکسانسازی دروست بکات کە ئامرازی سەرەکی بۆ گەیشتن بو کارە دەوڵەت- نەتەوەکانن.
ئەو دەڵێ: دواتر بڕوایێکی تر زاڵ بوو، ئەوەش ئەوەیە کە یونێسکۆ داکۆکی لە سەر ئەکات و دەڵێ گەشەیێکمان دەوێت کە فەرهەنگەکانیتر بپارێزێت، ئەم جۆرە بیرکردنەوە فەرهەنگی وڵاتانی دواکەوتوو وەکوو لەمپەرێک بۆ گەشە سەندن نابینی بەڵکوو ئەڵێ بەشێک لەو فەرهەنگە ئەتوانێ زۆر باش بێت و پارێزگاری لێ بکرێت و پێویستە بۆ گەشە سەندن.
ئەم ماموستای زانکۆیە سێهەمین جۆری پێوەندی ئەوە دەزانێت کە گەشە ئەبێتە تابعی فەرهەنگ و گەشەیێک پەسند ئەکری کە لە دڵی ئەو فەرهەنگانەوە سەر هەڵ بدات.
زمانی کوردی بۆ زار و بن زار دامەبەزێنن!
ڕەزا شەجێعی دووهەمین بەشداربووی پەنێلەکە، باسی لە دابەزاندنی زمانی کوردی و بچووک کردنەوەی کرد و وێڕای ڕەخنە گرتن لەم بابەتە، وتی: دەوڵەت بەڵگەیێکی نووسیوە بۆ بەڕێوە بردنی ئەسڵی ۱۵ی یاسای بنەڕەتی کە بۆ خوێندن بە زمانی دایکی ڕەچاوی ئەو زار و بن زارانە بکرێ کە لە هەر گەڕەکێک بە کار ئەبرێت بەڵام ئەمە بۆ زمانی کوردی ڕەوا نیە.
شەجیعی درێژەی بە باسەکانی دا و وتی: لە یاسای ۱۵ لە گەل کۆنکرێتێکی دیار ڕووبوڕووین و داوا لە بەرپرسان دەکەین ئەگەر دەیانەوێ زمانی کوردی لە هەموو ئاستەکان وەکوو وانە بوترێتەوە، بۆ بن زار و دیالێکتی جۆربەجۆر داینەبەزێنن.
لە درێژەی ئەم پەنێلەدا دوکتۆر زانیار نەقشبەندی، ماموستای بەشی زمان و ئەدەبیاتی زانکۆی کوردستانیش وتی: هیچ قسەیێک لە سەر ئەمە نیە کە هەموومان ئەبێ زمانی دایکیمان بپارێزین بە هۆی ئەوەی کە ئەزانین زمانی دایکی تەنیا سیستمێکی زمانی نیە بەڵکوو سیستمێکە کە ئەتوانێ فەرهەنگێکی ڕەسەن بپارێزێ.
ئەو لە درێژەشدا ئاماژەی کرد بە ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەم ساڵانەی دوایی بەرەوڕووی زمانی کوردی بووەتەوە و لە سەر ڕوانگە و بۆچوونەکانی زمانناسەکان باسی کرد.
دوکتۆر سەعید خزری دواهەمین بەشدار بووی پەنێلەکەش سەبارەت بە پێوەندی نێوان جوغرافیا و زمان باسی کرد.
زانکۆی کوردستان ڕووی سپییە لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا
دوکتۆر بەختیار سەجادی، سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی زانکۆی کوردستان ئاوڕی لە دۆخی ئێستای زمانی کوردی دایەوە و وتی: بە لە بەرچاو گرتنی ئەو کارانەی زانکۆی کوردستان لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی کردوویەتی، دەتوانین بڵێین زانکۆی کوردستان لەم بوارەدا ڕووی سپیە و ئەم زانکۆیە بە شانازییەوە دەتوانێ بڵێ بەشی زمان و ئەدەبی کوردی و توێژینگەی کوردستانناسی هەیە و ئەمانەش هۆکاری گەشاوە بوونی زۆرتری ئەم زانکۆیەن.
ئەو هەروەها وتیشی بەو پەڕی شانازییەوە لە وەزارەتی زانست کێشەکانی دامەزراندنی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە لایەن وەزارەتی زانستەوە چارەسەر کراوە و ئێستا هەر زانکۆیێک بیەوێ دەتوانێ ئەم بەشە بکاتەوە چونکە هەموو قۆناغەکان لە وەزارەتی زانست ئەنجام دراون و هیوادارین هەموو زانکۆکانی ئێران هەوڵ بدەن بۆ کردنەوەی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی بەڵام بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئەم کێشەیە هێشتا لە وەزارەتی پەروەردە چارەسەر نەکراوە.
سەجادی لە درێژەدا وتی: ئێمە مافی ئەوەمان هەیە بپرسین وەزارەتی پەروەردە ئایا پاش چل ساڵ بە سەر سەرکەوتنی شۆڕشی ئیشلامی و ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە ئاوڕ بدەیتەوە لە کێشەی خوێندنی کوردی لە قوتابخانەکاندا؟
سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی زانکۆی کوردستان وتیشی: ئێمە وەکوو بەشی کوردی زانکۆی کوردستان ماوەی یەک ساڵە لە گەڵ بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنان چەندین کۆبوونەوە و دانیشتنمان بووە و بە ڕاوێژکاری لە گەڵ ماموستایان گەڵاڵەیێکمان ئامادە کردووە کە دراوەتە دەستی سەرۆکی پێشووی زانکۆ کە هیوادارین سەرۆکی نوێ ئەو ڕەوتە درێژە پێ بدات و ئاراستەی بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنانی بکات.
ئەو لە ئامادە کردنی سەرچاوە بۆ ئەم قۆناغە هەواڵی دا و وتی: ئەم کارە لە ڕووی زانستییەوە تەواو بووە و جێبەجێ کردنی ئەکەوێتە ئەستۆی پەروەردە و بارهێنانەوە و هیوادارین وەزارەتی پەروەردە بابەتی خوێندنی کوردی و هەموو زمانەکانی تر بە جیدی وەربگرێت.
ڕەخنەی سەرۆکی بەشی کوردی زانکۆی کوردستان لە دەنگ و ڕەنگی ناوەندی کوردستان
سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی ئاماژەی کردە سەر دۆخی زمانی کوردی لە دام و دەزگا دەوڵەتییەکان و بەم شێوە درێژەی دا: بۆ وێنە لە دەنگ و ڕەنگی ناوەندی کوردستان زمانی کوردی دۆخێکی باشی نییە، ئەمە مافی زمانی نییە کە کۆمەڵێ کۆمێدی ئاست نزم دەرخواردی بینەر بدرێت بەڵکوو ئێمە ئەمانەوێت باسی زانستی بە زمانی کوردی بۆ بینەر بڵاو بکرێتەوە.
ئەو هەروەها ڕەخنەی لە چۆنیەتی بەرەنگار بوونەوەی دەنگ و ڕینگی ناوەندی کرماشآن لە گەڵ زمانی کوردی و رایگەیاند: بە پێ ئامارەکان لە نێو زمانەکان، زمانی هەورامی زۆرترین مەترسی توانەوەی لە سەرە و بەم حاڵەشەوە دەنگ و ڕەنگی کرماشان ئاوڕی لێ ناداتەوە.
سەجادی لە درێژەشدا وتی: بەو پەڕی ناڕەحەتییەوە زمانی کوردی لە دۆخێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێ گەرچی لەم ساڵانەی دواییدا تۆزێ گەشەی کردووە بەڵام لە زۆر ڕووشەوە گەشەی نەکردووە لە بەر ئەوەش زانکۆکان و ناوەندەکان ئەرکیان لە سەرە و دەبێ لەم بوارەدا جیدیتر و زانستیتر کار بکەن.
پاش وتەکانی بەڕێز دوکتۆر سەجادی، لە لایەن زانکۆی کوردستان و بە تایبەت بەشی زمان و ئەدەبی کوردی زانکۆی کوردستان ڕێز گیرا لە ئەرک و ماندوو بوونی دوکتۆر فەردین ئەخلاقیان، سەرۆکی پێشووی زانکۆ لە بواری زمانی کوردی و هەروەها ڕێز گیرا لەدوکتۆر ڕەحمەت سادقی، سەرۆکی نوێی زانکۆی کوردستان.
لە کۆتاییش چەندین گۆرانی بە زاراوە جیاجیاکانی زمانی کوردی لە لایەن هونەرمەند حسەین سەفامەنێشەوە پێشکەش کرا.
شیاوی ئاماژەیە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی لە ڕۆژی بزاڤی زمانی ساڵی ۱۹۵۲ی بەنگلادیشەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەو ساڵەدا ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا کە دژی سیاسەتی زمانیی دەوڵەتی پاکستان ناڕەزاییان دەردەبڕی، بە دەستی هێزەکانی پۆلیس و سوپای پاکستان کوژران.

