گەڵاڵەیەک بۆ فێرکاریی زمانی کوردی لە پەروەردە لە لایەن سەرۆکی زانکۆی کوردستانەوە ڕادەستی جێگری بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای بنەڕەتیی سەرۆک کۆمار کرا
بە پێی ڕاپۆرتی پێوەندییه گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، بەرپرسی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای بنەڕەتی لە جێگرایەتیی پێوەندی و یاسایی سەرۆک کۆمار، ڕۆژی پێنجشەمە ۷ی خەرمانان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مامۆستایان و بلیمەتانی زانکۆ کە لە هۆڵی فێردۆسی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو، داخوازی و داواکاریی بەشداربووانی سەبارەت بە جێبەجێکردنی رەهەندە جۆراوجۆرەکانی یاسای بنەڕەتی بیست و پاشان وڵامی پێویستی دانەوە.
لە ئەنجامی داخوازیی ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆی کوردستان سەبارەت بە فێرکاریی زمان و وێژەی کوردی لە پۆلە جیاوازەکانی پەروەردە، د. عەلی ئەکبەر گورجی، جێگرایەتی مافەوانی و پێوشوێنگریی یاسایی سەرۆک کۆمار داوای کرد گەڵاڵەیەکی نووسراو و ڕێکوپێک ڕادەستی ئەو جێگرایەتییە بکرێت تاکوو لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکاندا بەدواداچوونی بۆ بکرێت. هەر بۆ ئەم مەبەستەش، گەڵاڵەی پێشنیارکراوی زانکۆی کوردستان کە ئاکامی کاری هاوبەشی مامۆستایانی بەشی زمان و وێژەی کوردی زانکۆی کوردستان و مامۆستایانی شارەزای پەروەردەی پارێزگایە، ڕادەستی بەڕێزیان کرا.
شیاوی ئاماژەیە بە گوێرەی مادەی ۱۵ی یاسای بنەڕەتیی ئێران فێرکاریی زمانە جیاجیاکانی ئیتنیکەکان لە قوتابخانە و خوێندنگاکاندا ئاسایی و ڕێگەپێدراوە.