بەڵێنی وەزیری زانستی ئێران بۆ کرانەوەی ماستەری زمان و وێژەی کوردی لە زانکۆی کوردستان

بە پێی ڕاپۆرتی بەشی پێوەندیە گشتیەکانی زانکۆی کوردستان، وەزیری زانست ئەمڕۆ شەممە (۲ی خەرمانانی ۹۸ی هەتاوی) سەردانی زانکۆی کوردستانی کرد و
لە چەندین کۆبوونەوە و دانیشتندا لە گەڵ سەرۆکی زانکۆ و دیکەی بەرپرسانی
پارێزگای کوردستان، کێشە و داخوازیەکانی زانکۆکانی پارێزگایان خستە بەر
باس و لێکۆڵینەوە.
لە دانیشتنی ئەنجومەنی زانکۆی کوردستاندا، پارێزگاری کوردستان کرانەوەی ماستەری بەشی زمان و وێژەی کوردی زانکۆی کوردستانی وەکوو یەکێک لە
داخوازیە جیدییەکانی زانکۆی کوردستان ناو برد و داوای لە وەزیری زانست
کرد لە وەزارەتخانەدا هەنگاوی جیدی بۆ ئەم بابەتە هەڵبگیردرێت.
بەهمەن مورادنیا هەروەها ئاماژەی بۆ دەرچوونی یەکەم خولی خوێندکارانی کارناسی بەشی زمان و وێژەی کوردی لە زانکۆی کوردستان کرد و وتیشی:
بەداخەوە ئەم خوێندکارانە بە هۆی نەبوونی ماستەری ئەم بەشە، ناچارن یان
لە بەشەکانی دیکە و یان لە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن.
ڕەحمەت سادقی، سەرۆکی زانکۆی کوردستان تیشکی خستە سەر گرینگایەتی و چاوەڕوانی خوێندکاران بۆ کرانەوەی ماستەری بەشی کوردی و ئاماژەی کرد:
زانکۆی کوردستان ئامادەیی پێویستی هەیە بۆ کرانەوەی ئەم بەشە و چاوەڕوان
دەکرێ وەزارەتی زانست هاوکاری شیاوی لەم بوارەدا لە گەڵ زانکۆی کوردستان
ببێت و هەر وەها داوای لە وەزیری باڵای زانستی ئێران کرد هەوڵ بدات بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لەم بوارەدا.