دەرچوونی مێژوویی...
چوار ساڵ لەوەوپێش، پاش تێپەڕ بوونی ۳۶ ساڵ لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران یاسایێک لەم وڵاتە جێبەجێ کرا کە بە پێ ئەوە ۴۰ کەس ئەو مافەیان پێ درا لە زانکۆی کوردستان و بە شێوەی ئاکادێمیک بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن.
بە پێی مادەی ۱۵ی یاسای بنەڕەتی، هەموو خەڵکی ئێران مافی ئەوەیان هەیە بە زمانی دایکی خۆیان لە قوتابخانە و زانکۆکان بخوێنن. گەرچی سەرەتای هەوڵ و تێکۆشانی دڵسۆزان و ماموستایانی زانکۆی کوردستان بۆ جێبەجێ بوونی ئەم یاسا بۆ کۆتایی حەفتاکان دەگەڕێتەوە بەڵام لە ئاکامدا ئەم هەوڵانە سەرکەوت و ئەو دەرفەتەی بۆ کوردانی ئێران ڕەخساند کە بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن.
ئەم یاسایە لە ساڵی ۱۳۹۴ی هەتاوی لە سەر دەستی دەوڵەتی یەکەمی حەسەن ڕۆحانی بەڵام نەک بە تەواوەتی(بە هۆی نەبوونی لە قوتابخانەکان) جێبەجێ کرا. گەرچی تاکوو ئێستا ئەم بەشە تەنیا لە زانکۆی کوردستان دامەزراوە و ڕەنگە هێشتا تا گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانی مەودای زۆری ببێت بەڵام بە چاوپۆشی لە کەموکۆڕییەکان، بە گشتی دامەزراندنی ئەم بەشە سەرکەوتنێکی تایبەت و کردنەوەی دەلاقەیێک بەرەو ئاسۆە و دەرچوونی یەکەم خوێندکارەکانی دەرچوونێکی مێژوویی.
ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی یەکەم دەرچووانی بەشی کوردی هاوکات لە گەڵ کۆنگرەی ناودارانی کورد بەڕێوە چوو
لە درێژەی کرانەوەی کۆنگرەی نێونەتەوەیی ناودارانی کورد لە تەلاری مەولەوی زانکۆی کوردستان زیاتر لە ۳۵ خوێندکاری دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی ئەو زانکۆیە، ڕێوڕەسمی سوێندخواردنیان بەڕێوە برد.
لەو ڕێوڕەسمەدا دوکتۆر بەختیار سەجادی سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی زانکۆی کوردستان ڕایگەیاند: زۆر خۆشحاڵم کە شایەدی وەرگرتنی بڕوانامەی یەکەم خوێندکارانی دەرچووی ئەم بەشە لە زانکۆی کوردستانم و ئەمڕۆ خەونێک بەدی هاتووە کە ساڵەهایە چاوەڕوانی دەکەین.
سەرۆکی بەشی زمانی و ئەدەبی کوردی زانکۆی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا: پێویستە دەزگاگەلی فەرهەنگی، میدیاکان و پەروەردە لە دەفرایەتیی گەورەی خوێندکارانی دەرچووی لقی زمان و ئەدەبی کوردی بەهرە ببەن.
خوێندکاران شانازی بە هەڵبژاردنی بەشی کوردی دەکەن
بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەڕێوە چوونی ئەم بەشە لە ماوەی چوار ساڵ و دەرخستنی کەم و کۆڕییەکان و خاڵە ئەرێنییەکانی، سیروان لە گەڵ خوێندکاران و ماموستایانی ئەم بەشە وت و وێژی کردووە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:
هێمن ڕەحمانی یەکێک لە خوێندکارەکانی ئەم بەشەیە کە دەڵێت: شانازی بەوە دەکەم کە لە هەموو ئەم وڵاتەدا لە ڕیزی یەکەم دەرچووانی زمان و وێژەی کوردی دام و خۆشحاڵم بەوەی کە توانیومە دڵۆپێک لەو زەریا بێ پەیە تام بکەم.
ئەو بە هیوایە درێژە بە خوێندن و چالاکی لەم بەشەدا بدات و دەڵێت چاوەڕوانی دامەزراندنی قۆناغەکانی ماستەر و تەنانەت دوکتۆراش دەمێنێتەوە چونکوو پێ خۆشە هەر لەم بەشەدا بخوێنێ.
ناوبراو دەڵێت: گەرچی خۆم پێشتر ئاشناییم لە گەڵ زمانی کوردی بووە بەڵام لە زانکۆ زۆر شت فێر بووم کە پێشتر نەمدەزانی و لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا زیاتر حەزم لە وەرگێڕان و ئەدەبی چیرۆک کردووە و پێم خۆشە لەم بەشەدا چالاکیم ببێت.
ڕەحمانی داهاتوو و کار وەکوو داڵغەی هەموو خوێندکاران ناو دەبات و پێی وایە نەبوونی قۆناغی ماستەر و نەبوونی سەرچاوە، دوو کێشەی سەرەکی ئەم بەشەیە و بە هیوایە ئەمساڵ قۆناغی ماستەری وەرگێڕانی ئینگلیزی هەڵبژێرێت.
شەقایق حەسەنزادە یەکێکیتر لەو خوێندکارانەی کە ئەمساڵ دەردەچن، دەڵێت: سەرەتا کە دەستم کرد بە خوێندن لە بەشی کوردی، پڕ بە دڵ دڵخۆش بووم بەڵام ئێستا نەک هەر من بەڵکوو هەموومان بە شێوەیێک هەست بە ناهۆمێدی دەکەین و لە داهاتوو دەترسین.
خوێندکاران ڕەخنە لە زۆر بوونی یەکە عەرەبی و فارسییەکان دەگرن
ئەو هەروەها باسی کەم و کۆڕییەکان دەکات و دەڵێت: بەداخەوە چونکوو ئێمە یەکەمین خوێندکارانی بەشی کوردی بووین زۆربەی یەکە دەرسییەکانمان بۆ فارسی و عەرەبی تەرخان کرابوو، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا تا ڕادەیێک لە زۆربەی بەشەکانی زمان و ئەدەبیات کوردی زانیاری پڕ بایەخمان پێ درا بەڵام لە هەموو وانەکان زۆرتر وەرگێڕان سەرنجمی ڕاکێشاوە و پێم خۆشە کاری لە سەر بکەم.
حەسەنزادە ڕەخنە لە نەبوونی ماستەری ئەم بەشە دەگرێت و دەڵێت: گەرچی پێشم خۆش نەبوو بەڵام بە هۆی نەبوونی قۆناغی ماستەری زمان و وێژەی کوردی، بە ناچار بەشی زمانناسیم هەڵبژاردووە و هێشتاش لە ناخی دڵەوە چاوەڕوانی دامەزراندنی ماستەری زمان و ئەدەبی کوردیم.
ئەو دەڵێت لە سەرەتاوە ماموستایان بڕیارگەلێکیان پێمان داوە و چاوەڕوانین ئەوانە وەک داخوازی خوێندکاران لە بەرچاو بگرن و هەوڵ بدەن بۆ بە ئامانج گەیاندنی ئەو بڕیار و وتەگەلە و لە بیریان نەکەن.
یەکێکیتر لە خوێندکارانی ئەم بەشە کە ئەمساڵ وەکو
و یەکەم خوێندکارانی کوردی ئێران سەردەکەوێت، وتی: من پێش ئەوەی لە زانکۆ زمانی کوردی بخوێنم، قەت کوردیم نەخوێندبوو تەنانەت نەمدەزانی ناوی خۆشم بە زمانی کوردی بنووسم، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا گەرچی هەموو بەشەکانم پێ خۆشە بەڵام ئەوەی کە زیاتر سەرنجی منی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە، ڕەخنەی ئەدەبی بووە و هیوادارم بتوانم لە داهاتووش لەم بەشەدا بخوێنم.بەدوا کەوتنی قۆناغی ماستەر دڵساردی خوێندکارانی بەدواوە بووە
ئەم خوێندکارەی بەشی کوردی زانکۆی کوردستان بەم شێوە درێژە دەدات: چاوەڕوانی دامەزرانی ماستەری ئەم بەشە دەمێنمەوە و هیچ ڕشتەیێکیتر هەڵنابژێرم، تەنانەت ئەگەر ناچار بم لە وڵاتێکیتر درێژە بە خوێندنی کوردی دەدەم.
ئەو هەروەها داوا لە زانکۆی کوردستان دەکات نەبوونی ماستەر بۆ خوێندکاران قەرەبوو بکاتەوە و ئەم هەلەیان بۆ بڕەخسێنێت کە بتوانن لە وڵاتێکیتر درێژە بە خوێندن بدەن تاکوو ناچار نەبن بەشەکانیتر هەڵبژێرن و نەهێڵن هەوڵەکانی ئەم چوار ساڵەیان ناتەواو و بێ ئاکام بمێنێتەوە.
بە بڕوای ئەو زۆرترین کەم و کۆڕی لە چارتەکانی ئەم بەشە دایە گەرچی ئەم کەمایەسییە تەنیا بۆ ئەوانەیە کە ساڵەکانی ۹۴ و ۹۵ دەستیان بە خوێندن کردووە، بۆ وێنە ۱۳ یەکەی عەرەبی و ۱۸ یەکەی فارسی و ۲۴ یەکەی گشتیشمان پاس کردووە کە ئەگەر کوردی و ئینگلیزمان بۆ دابنرایا زۆر باشتر بوو.
هەروەها یەکێکیتر لە خوێندکارانی ئەم بەشە کە نەیویست ناوی لەم ڕاپۆرتەدا بنووسرێت، دەڵێت: گەرچی لە سەرەتاوە زۆر دڵخۆش بووم بە هەڵبژاردنی ئەم بەشە بەڵام ئێستا وا هەست دەکەم چوار ساڵ کاتم بە فێڕۆ چووە چونکوو لە سەرەتاوە بەڵێنی زۆرمان پێ درا بەڵام ئێستا کە گەیشتووینەتە کۆتایی دەڵێن هەموو بەشەکانیتر وەکو ئێوە کەموکۆڕییان هەیە ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە هەموو ئێران تەنیا ۴۰ کەس کارناسی زمان و ئەدەبی کوردیان هەیە کەواتە ناکرێ بە بەشەکانیتریان بشوبهێنن.
خوێندکاران خوازیاری یارمەتی ماموستایانن
هەروەها ڕەخنە لە ماموستایانی ئەم بەشە دەگرێت و پێ وایە ئەگەر خوێندکارێک بیهەوێ بە شێوەیێکی جیدی لە سەر شتێک کار بکات، ماموستاکان دەبێ یارمەتی بدەن، گەرچی ڕەنگە ئەو کارانە لە ڕوانگەی ماموستایانەوە بچووک بنوێنێ بەڵام دەبێ ئەوە لە بەرچاو بگرن کە ئەو کارە بچووکانە دەسپیکێکی باش بۆ خوێندکارانیشە و نابێ ناهۆمێد بکرێن.
ئەو لە درێژەشدا نەبوونی ماستەر بە گەورەترین کەم و کۆڕی دەزانێت و پێی وایە بۆ ئەوانەی کە ساڵی ۹۴ دەستیان بە خوێندن لەم بەشەدا کرد، زۆر شت پێش بینی نەکرا بوو بۆ وێنە لە تێرمەکانی ئەوەڵدا شتهایێکمان پێ وترا و دواتر ڕایانگەیاند کە ئەوانەی سەرەتا خوێندتان بە تەواوەتی لە بیری کەن، سەرچاوەکان دیاری نەکرا بوون.
ئەو هەروەها دەڵێت: بە هۆی نەبوونی ماستەری ئەم بەشە و هەروەها ئەو شتانەی کە بوونە هۆی ئەوەی لە خوێندنەوەی ئەم بەشە پەژیوان ببمەوە، ماستەری بەشێکیترم هەڵبژاردووە و دیسانەوەش بەداخەوە ئەو بڕیارە کە تا کۆتایی هاتنی قۆناغی کارناسی، ماستەریشمان بۆ دەکرێتەوە، جێبەجێ نەکرا.
خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکان لە ڕوانگەی ماموستایانی ئەم بەشە
زانیار نەقشبەندی ، یەکێک لە ماموستایانی بەشی کوردی و ئەندامی لێژنەی زانستی زانستگای کوردستان کە خاوەنی دوکتۆرای زمانناسییە، دەڵێت: دامەزراندنی بەشی کوردی لە زانستگای کوردستان ئاکامی هەوڵ و تێکۆشانی هەندێک لە ماموستایان و پسپۆڕانی ئەم زانستگایە بووە و سپاس و پێزانینمان هەیە بۆ ماندوو بوونی ئەو بەڕێزانە بە بۆنەی بە ئەنجام گەیاندنی ئەم کارە گرینگە.
ئەو باس لە کوم و کۆڕییەکان دەکات و دەڵێت: بۆ ئەم بابەتە دەتوانم ئاماژە بە دوو خاڵ بکەم یەکەمیان کە هەر لە دەسپێکەوە بووە و هەتا ئێستاش کە دەوری چوارەمی خوێندکارانیشمان وەرگرتووە هەر بەردەوامە، نەبوونی سەرچاوەی زانستی بۆ خوێندکارانە، لەم بەشە بڕێ یەکەی وانەیی تایبەتمان هەیە کە بۆ یەکەم جار لە زانستگاکانی ئێراندا ئەوترێنەوە و هەر بە هۆی ئەمەش، سەرچاوەی تایبەتیان لە بەر دەستدا نییە.
دوکتۆر نەقشبەندی وتیشی: هەوڵی زۆر دراوە بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە بە شێوەیێک کە لێژنەی زانستی زانستگای کوردستان سەرقاڵی نووسین، چاپ و بڵاو کردنەوەی بڕێک کتێبی تایبەت بۆ ئەو وانەگەلەن.
ئەو نووسینی کتێبی دەرسی بە کارێکی درێژ خایەن دەزانێت کە پێویستی بە کات هەیە و بەم شێوە درێژە بە باسەکانی دەدات: هیوادارین لە ساڵانی داهاتوو ئەم کێشەیە تا ڕادەیێک چارەسەر ببێت واتا لە ڕێگای چاپ بوونی بەرهەمی لێژنەی زانستی زانستگای کوردستان، بۆ ساڵانی داهاتوو کتێبمان وەکوو سەرچاوەی ئاکادێمیک لە بەر دەستدا ببێت.
ئەم ماموستایە کە ماوەی سێ ساڵە لەم بەشەدا چالا
کە، نەبوونی قۆناغی ماستەری ئەم بەشە وەکوو یەکێکیتر لە کێشەکان ناو دەبات و دەڵێت: بە پێداگری سەرۆکی زانستگا و هەروەها سەرۆکی بەشی کوردی لە ڕێگای وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران، ئەم قۆناغەش لە داهاتووی نزیکدا دەست پێ دەکات.
دوکتۆر نەقشبەندی لە درێژەشدا وتی: لە ساڵی ۹۸دا کە یەکەمین بەشی خوێندکارانی زمان و وێژەی کوردی لە قۆناغی کارناسی سەردەکەون، دەبێ بەستێنێکیان بۆ ساز بکرێت کە ئەگەر پێیان خۆش بوو درێژە بە خوێندن لە بەشی کوردی بدەن.
ئەو هەروەها باسی کێشەی دیکە دەکات کە دەبێ بۆ چارەسەر کردنی هەوڵ بدرێت و ئەوەش وەرگرتنی یەک یان دوو کەس وەکوو لێژنەی زانستی ئەم بەشەیە بە مەبەستی ئەوەی کە توێژینەوە و فێرکاری ئەم بەشە باشتر بێت و ڕایدەگەینێ: ئەم بەشە ژمارەیێکی زۆر وانەی وێژەیی هەیە کە بەداخەوە تەنیا دوو ماموستامان بۆ ئەم وانەگەلە هەیە کە ئەگەر یەک یان دوو کەس وەکوو لێژنەی زانستی وەربگیردرێن، سەرقاڵی ماموستایان کەم دەبێتەوە و چۆنایەتی وانە وتنەوەیان دەچێتە سەرەوە و باشتر دەتوانن چالاکی بکەن بۆ نووسینی سەرچاوە بۆ خوێندکارانی بەشی کوردی کە هەوڵی زۆر دراوە بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە و بەختەوەرانە لە داهاتووی نزیکدا بە ئەنجامی دڵخواز دەگات.
ماموستایان گەشبینن بە داهاتووی ئەم بەشە
نەقشبەندی لە درێژەشدا وتی: بە پێ ئەوەی کە بەشی کوردی تەنیا چوار ساڵ لە دامەزراندنی تێپەڕیوە و کێشەگەلی تایبەتی خۆی بووە، ناتوانین بڵێین ئەو گەڵاڵە وانەییە کە بۆ ئەم بەشە داڕێژاوە، سەداسەد بە ئاکامی خۆی گەیشتووە بەڵام بە گشتی بە دڵنیاییەوە گەڵاڵەیێکی سەرکەوتوو بووە و هەر دۆخی ئێستاشی بە ئەو ئاستە گەیشتووە کە ببێتە یاریدەر بۆ زانستگاکانیتری ئێرانیش بە مەبەستی دامەزراندنی ئەم بەشە.
ئەو هەروەها باسی چاوەڕوانیەکانی ماموستایانی ئەم بەشە لە خوێندکارانی دەرچووی بەشی کوردی دەکات و دەشڵێت: بەداخەوە یەکێک لە کێشەگەلی گەورەی ئێمە لە کوردناسی و لێکۆڵینەوە کوردییەکان، نەبوونی مێتۆد یان فێر نەبوونی ڕێبازی تایبەتی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیە ئیستا کە خوێندکاران تا ڕادەیێک لە گەڵ مێتۆدە زانستیەکانی لێکۆڵینەوە ئاشنا بوونەتەوە، ئەو چاوەڕوانییە هەیە کە لە داهاتوو کە وەکوو پسپۆڕی زمانی کوردی لە کۆمەڵگا دەور ئەگێڕن، لە نووسین، قسە و توێژینەوەکانیان ئەو ڕێباز و مێتۆدگەلە لەبەرچاو بگرن تا ئەو ئاڵۆزییە کە لە لێکۆڵینەوە کوردییەکان هەمانە، کەمتر ببێتەوە کە ئەمە هەر لە سەرەتاوە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دانانی ئەم بەشە بووە و بە لە بەرچاو گرتنی ئەو خاڵە لە لایەن خوێندکارانەوە، دەتوانین بڵێین کە بە ئاکامە سەرەکیەکەمان نزیک بووینەتەوە.
ئەم ماموستای زانکۆی کوردستانە بە ئاماژە بەوەی کە بێ هیوایی خوێندکاران تەنیا تایبەت بە بەشی کوردی نییە، دەڵێت: ئەم کێشە بە شێوەیێکی بەربڵاو لە هەموو خوێندکارانی هەموو بەشەکان هەیە و ئەگەر ئێمە وەکوو ئەندامانی لێژنەی زانستی بە وردی وانەکان بۆ خوێندکاران شی بکەینەوە و ئەوان فێری تەوەرە تایبەتیەکان بکرێن و ئامێرە زانستیەکانیان پێ بناسێنین و بیخەینە بەر دەستیان، بە ئاسانی پێوەندییان لە گەڵ زانستگا و لێکۆڵینەوە نابچڕێت.
بەشی زمان و ئەدەبی کوردی برەندی زانکۆی کوردستانە
هەروەها دوکتۆر یەدوڵا پەشابادی لە ماموستایانی ئەم بەشە دەڵێت: بەشی زمان و وێژەی کوردی بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئێراندا لە زانکۆی کوردستان دامەزرا و ئاساییە کە نەبوونی ئەزموونێکی ڕاستەوخۆ، نەبوونی ماموستای دەرچووی ئەم بەشە هەندێ کەموکۆڕی دروست بکات بەڵام وێڕای هەموو ئەو شتانە، ئەم بەشە سەرکەوتوو بووە و باش خۆی نیشان داوە و توانیویە بنەڕەتێکی پتەو بۆ خوێندنی ئاکادێمیک دەمەزرێنێ بەس ئەمەش پێویستی بە کار کردن و هەڵسوکەوتی جیدیتر هەیە.
ناوبراو دەڵێت: بێ گومان خوێندنی ئاکادێمیک تەکوزی دەبەخشێ بە ڕەوتی لێکۆڵینەوە و دەولەمەند کردنی ئارشیڤی زمان و وێژە و بە توێژینەوە و خوێندنەوەی زانستیانە ڕەهەندەکانی زمان و وێژە زۆرتر دەردەکەوێ، زمان و وێژەی کوردیش خاوەن ناوەرۆک و چەشنی ئەدەبی و نموونەی بەرهەمی ئەدەبی یەکجار بەرز و بایەخدارە کە خوێندنی ئاکادێمیک دەتوانێ ئەمانە بە دونیا بناسێنێت و بیخاتە ڕووباری وێژەی جیهانییەوە.
دوکتۆر پەشابادی پێ وایە لە زانکۆی کوردستان ئەم بەشە وەکوو برەندێک تەماشە ئەکرێت و نرخێکی ئەوتۆی هەیە بۆ زانستگای کوردستان و دەڵێت: بێ گومان ئەم بەشە ئەتوانێ بە ئەزموونی ئەم چەن ساڵەیە و بە ڕاهاتن و توانستی خوێندکاران و ئەندامانی لێژنەی زانستییەکەی ببێتە پێوەر و ئولگوویێکی ڕەسەن بۆ زانستگاکانیتر.
ئەم ماموستایەی بەشی کوردی زانستگای کوردستان بە ئاماژ بەوەی کە خوێندکارانی ئەم بەشە دەورێکی یەکجار گرینگ و ڕاسپاردەیێکی ئێجگار مەزنیان هەیە و ئەبێ وشیار بن، بەم شێوەیە درێژە بە باسەکانی دەدات: زۆر کەس بە تەمای هەلسەنگاندن و ئەزموون کردنی خوێندکارانی ئەم بەشەن و ئەوان دەبێ شارەزا بن و بەش بە حاڵ
ی خۆیان زانا بن و ببن بە چاودێری نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی.کردنەوەی بەشی کوردی لە زانکۆە گەورەکانی ئێران پێویستیێکی حاشاهەڵنەگرە
بەختیار سەجادی ، سەرۆکی ئەم بەشەش لە وت و وێژێک لە گەڵ سیرواندا وتی: بێ گومان دامەزراندنی هەر دێپارتمێنتێک سەبارەت بە هەر بابەتێک لە هەر زانکۆیێکی جیهان، ئەرکێکی قورسە بە تایبەت ئەگەر ئەو بەشە بۆ یەکەم جار لەو وڵاتە دابمەزرێت و کردنەوەی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی بۆ یەکەم جار لە ئێرانیش کارێکی قورسە چونکو زۆر درێژخایەن و جیاوازە لە کاری ئاسایی.
ناوبراو باسی وانەکانی ئەم بەشەی کرد و بەم شێوە درێژەی بە باسەکانی دا: خوێندکارانی کوردی لە ماوەی ۴ ساڵ و ۸ تێرمدا ۵۳ وانە دەخوێنن و هەر وانەیێک لە ۱۷ دانیشتندا دەوترێتەوە و هەر دانیشتنێکیش یەک و نیو کاتژمێر دەخایێنێ کەواتە ئەمە کارێکی قورسە و پێویستی بە وزە و کاتی زۆر هەیە و هەر لە بەر ئەوەش ئێمە لەم چەند ساڵەدا بەشێکی زۆری کاتی خۆمان داناوە بۆ بەڕێوە بردنی بەشی کوردی.
سەجادی کەم بوونی ژمارەی ماموستایان بە یەکێک لە کەموکۆڕیەکانی ئەم بەشە ناو دەبات و دەڵێت: پێویستی زۆرمان بە وەرگرتنی ماموستا بۆ ئەم بەشە هەیە و وەرگرتنی ماموستاش چەند مەرجی هەیە کە یەکێکیان ئەوەیە ئەبێ دوکتۆرا یان تەنانەت مەستێریان هەبێت یان ئەگەر دوکتۆرایان هەیە، ئەبێ نامەی دوکتۆراکەیان پێوەندی هەبیت بە زمانی کوردییەوە و تا ئێستا تەنانەت یەک کەسیشمان لە ئێران نیە کە دوکتۆرای هەبێت سەبارەت بە ئەدەبی کوردیەوە و هەر لە بەر ئەوەش پەنا بۆ بەشەکانیتر وەکوو ئەدەبی فارسی و ئینگلیزی دەبەین و ئەوانەش ئەبێ تێزەکەیان پێوەندی بە لایەنێک لە لایەنەکانی زمانی کوردیەوە بێت و جگە لەمەش هەندێ مەرجیتری هەیە کە بەختەوەرانە سێ کەس توانیویانە ئەو قۆناغگەلە تێبپەڕێنن و ئێستا بەشی کوردی سێ ماموستای تەواو وەختی هەیە و بڕیارە دیسانەوەش ماموستا دابمەزرێنین.
ئەو هەروەها باسی کێشەی سەرچاوەکان دەکات و دەشڵێ: سەرچاوە بۆ بەشێکی زۆری ئەو وانەگەلە تا ئێستا دانەنراون یا ئەگەر دانرا بێت بە شێوەیێکی ڕێک و پێک و تەواو ڕێبازناسانە و گشتگیر دانەنراون و هەر لە بەر ئەوەش ئێمە خۆمان دەستمان کردووە بە دانانی سەرچاوە و ئێمە وەکوو ماموستایانی ئەم بەشە سەرچاوەکانی ئەو وانەیە کە دەیڵێینەوە بۆ خۆمان ئامادە دەکەین و تا ئێستا توانیومانە بۆ بەشێکی زۆری وانەکان سەرچاوە ئامادە بکەین.
سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی زانکۆی کوردستان پێ وایە ئەگەرچی کەموکۆڕیمان هەیە بەڵام ئەوە شتێکی ئاسایی و سروشتیە چونکو بەرنامەکە، بەرنامەیێکی درێژخایەن و گشت گیرە و بە پێ ئەوەی کە ئەم بەشە تازە دامەزراوە و هاوکاران و ماموستایانی ئەم باشە کاری زۆریان کردووە دەتوانین بڵێین قۆناغی باشمان بڕیوە.
ناوبراو سەبارەت بە بەرنامەکانی داهاتووی ئەم بەشەش وتی: ئێمە پێمان خۆشە بەشی کوردی لە زانکۆە گەورەکانی ئێران و هەروەها ناوچە کوردنشینەکاندا بکرێتەوە و ئەمە ئاواتی ئێمەیە و وەکوو پێویستیێک بۆی دەڕوانین لە بەر ئەوە کە زمان و ئەدەبی کوردی سامانێکی دەوڵەمەندی هەیە کە لێوانلێوە لە واتای قووڵ و گرینگی مرۆیی و ئەمە پێویستیێکی حاشا هەڵنەگرە و ئەبێ زانکۆکان هەوڵ بدەن بۆ کردنەوەی ئەم بەشە.
بەشی ماستەری زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان دەکرێتەوە
سەجادی ڕایگەیاند: تا ئێستا چەندین جار نامە بۆ وەزارەتی زانستەکان و توێژینەوە و تەکنۆلۆژیا نێردراوە و باسی وەرگرتنی خوێندکاری کوردی لە بەشی ماستەریش کراوە و تەنانەت بەرنامەکەشی ئامادە کراوە و چەند جار پێداچوونەوەی بۆ کراوە و کاری زانستیەکای تەواو بووە و ئێمە هیوادارین ساڵی داهاتوو ئەم بەشە بکرێتەوە.